ئەو دانیشتنە بە مەبەستی یاریدەدەری، تاوتوێی چالاکی، شیکاریی بەرنامە نوێکان و هاوبیری سەبارەت بە گرفت و ڕێکارەکانی بواری دارایی و ئیداری بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای دانیشتنەکە، مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بە ئیلهام لە ئایەتی ۷۷ی سووڕەتی قەسەس وتەکانی دەست پێ کرد و وتی: «ئەو ئایەتە، پیلانی ڕێگا بۆ مرۆڤ دادەڕێژیت تاکوو لە تەواوی چالاکیی و کارەکانی کە دەیکات، ڕەزامەندی خوای گەورەی مەبەست بێ و بە چاوێکی خێرخوازانە بۆ بەندەکانی خوا بڕوانیت.»
بەڕێزیان لە درێژەدا جەختی کرد کە پێویستە کەرەسە و تواناییەکانیان بە وردی هەڵسەنگێنین تاکوو لەژێر تیشکی سۆزی خوا و بە ڕوانگەیەکی ڕاستبینانە و بەرپرسانە، بەستێنی سەرکەوتن دابین بکرێت. ئەمینداری گشتیی جەماعەت وتی: «ئێستا کە لە نیعمەتی هاودڵی، یەکیەتی و ویستی خزمەت بە دینی خوا و بەندەکانی بەهرەمەندین، بەرپرسیارەتییەکی مێژووییمان کەوتۆتە سەر شان کە تەنیا بە بەڕێوبەرایەتییەکی شارەزایانە، ئاوەزمەندانە و کارامە دێتە دی بە یارمەتی خوا.»
لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا، دکتۆر یەعقووب خۆرسەند، بەرپرسی بەشی کارگێڕیی ناوەندی، بەشی دارایی وەک بڕبڕەی جەماعەت زانی و وتی: «توانایی ماڵی، مەرجی سەرەکیی هەر چالاکییەکە. لەو خولەدا پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین بە چارەسەری کەمایەسی و گرفتەکانی ئەو بەشە.»
بەشیر ئەمینی، جێگریی ئیداری ماڵی ناوەندی، وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزبایی لە جێگرانی پارێزگایی، جەختی لەسەر تێگەیشتن و هاوڕێیەتی گۆڕانکارییە نوێکان کرد. بەڕێزیان ئاماژەی بە گرینگیی ئەو بەشە و یەکیەتی لە شێوازی کاردا کرد و سەرنجدان و ئامادەیی ڕاپۆرتگیری لە پێداویستییەکانی سیستەمێکی ئیداری ستاندارد زانی و وتی: «لە خولی نوێدا، بەشی ئیداری دارایی خەریکی داڕشتن و ڕێکخستنی بەرنامەگەلێکە بۆ بەهرەمەندی زیاتر لە ئامرازی نوێ کە جێبەجێبوونیان پێویستی بە هاوفکری و هاوڕێیەتی جێگرانی پارێزگایە.»
پاشان پەرویز دارستان، بەرپرسی بەشی ئیداری دارایی، ئایین‌نامە و شرۆڤەی ئەرکی جێگرانی ئیداری دارایی تاوتوێ و شیکاری کرد و ئامادەبووانیش بۆچوون و پێشنیاری خۆیان ئاراستە کرد.
لە دوای نیوەڕۆ، جێگرانی پارێزگایی ڕاپۆرتێکی کورتیان سەبارەت بە دۆخی گشتیی پارێزگاکان و ڕێژەی مافی ئەندامەتی کە وەرگیراوە و بەرنامەکانی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو خولە پێشکەش کرد.
لە کۆتایی دانیشتنەکە، مەیسەم قانع، بەرپرسی ئیداریی دەفتەرخانە، شێوازی نووسینی نامەکانی ئیداری، شێوازی تۆمار و ئارشیفیان لە دەفتەرخانە و ڕێکاری پێوەندیدار بۆ ئامادەبووان باس کرد.